ڕونکردنەوە بۆ ڕای گشتی “ناوەندی خەبات” لەهەوڵدا بوو تا لە شاری سلێمانی کۆبونەوەیەکی هاوپشتی بەرپا بکات بۆ پشتیوانی لە خواستە ڕەواکانی خەڵکی ناڕازی و خۆپێشاندەری شارەکانی ئێران و هەروەها بۆ مەحکومکردنی ڕەشەکوژی و گرتن و ڕاوەدوونانی خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی جمهوری ئیسلامیەوە. شایەنی باسە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنانی ژێر ستەم و ئازادیخوازانی ئێران هاتوونەتە سەرشەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی گرانی و بێکاری و بێمافیەک کە جمهوری ئیسلامی بەسەریا سەپاندوون. بە مەبەستی وەرگرتنی مۆڵەتی فەڕمی بۆ ئەو کۆبونەوەیە، ڕۆژی ٦-١-٢٠١٨ هەریەک لە هاوڕێیانمان (دڵشاد و ئازاد) سەردانی یەکەی “کاروباری ناوخۆ”ی (پارێزگاری سلێمانی)یان کرد، بەڵام لەبەرئەوەی “کاروباری ناوخۆ” داوای کرد کە ئەبێ سێ کەس ئامادە بن بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، ناچار ڕۆژی دواتر ٧-١-٢٠١٨ هاوڕێیانمان (یاسین و نەوزاد بابان و دڵشاد) سەردانیان کردەوە. لەو سەردانەدا پێیان ڕاگەیاندن کە بەهیچ شێوەیەک مۆڵەت نادرێ لە بەردەم “باخی گشتی” و “بەردەرکی سەرا”دا کۆبونەوە ئەنجام بدرێت و لەسەر پێشنیاری ئەوان ڕازی بووین کە لە “پارکی نالی” ڕۆژی پێنج شەممەی ئایندە ١١-١-٢٠١٨هەڵسین بەو کۆبونەوەیە. دوای ئەوەی کە نامەی فەڕمی یەکەی “کاروباری ناوخۆ”مان برد بۆ “ئاسایش”ی سلێمانی، پێیان ڕاگەیاندین سبەی واتا ٨-١-٢٠١٨ “ئاسایش” وەڵامتان ئەداتەوە. کە وەڵامەکەش ڕەت کردنەوەی مۆڵەتی کۆبونەوەکەبوو. خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە درێژایی مێژوو باوەشیان ئاوەڵابووە بۆ خەڵکی کوردستانی عێڕاق لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا، وە هەمیشە هاوکار و پشتوپەنای ئێمە بوون، لەم ساتەوەختەدا کە ئەم خەڵکە ئازادیخوازەی ئێران هاتوونەتە مەیدان دژی بارودۆخی ژیانی ناهەموار و بێمافیەک و سەرکوتێک کە جمهوری ئیسلامی بەسەریا سەپاندوون، جێی خۆیەتی کە ئێمەش هاوپشتی و لایەنگری خۆمان ڕاگەێنین بۆیان. فەرمانڕەوایان و بەرپرسانی دەسەڵاتداری کوردستانی عێڕاق هیچ بیانویەکیان بەدەستەوە نیە بۆ ڕێگری لە کۆبونەوەکەی ئێمە جگەلەوەی کە هاوپشتی خۆیان بۆ ڕژێمی پەت و سێدارە، بۆ ڕژێمی سەنگەساری ژنان و سەرکوتی نەتەوەیی، بۆ ڕژێمی سەرکوتی ئازدی و مەدەنیەت ڕابگەینن و پشت بکەنە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و چارەنوسی سیاسی خۆیان هێندەی تر بەو ڕژێمە نەگریسەوە گرێبدەن. هەربۆیە بەفەڕمی و بەعەمەلی ڕێگر بوون لەوەی کە خەڵكی ئازادیخوازی کوردستانی عێڕاق هەڵسن بە ڕاگەیاندنی هاوپشتی و هاودڵی خۆیان بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشانی و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران. ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان ٩-١-٢٠١٨
previous post
next post