Simroz.org
بابەتی زمانی کوردی

سەمای ژنان مەترسی بۆ سەر دەسەلاتی ئیسلامی ئێران … نوسین هەتاو عەبدولاهی

دوای هاتنە سەر کاری رژیمی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی ، بزوتنەوەی ژنان لە ئێران ئستراتژی تازەی بۆ بەرێوە بردن و هێنانە ئارای داخوازیەکانی گرتە بەر . ئیستراتیژیەک کە توانی سیمایەکی روونتر بۆ پیداچونەوە بە شێوەی رێکخستنی بزوتنەوەی ژنان و ویست و داخوازیی بەرحەقیان دەربخات و ئەم بزوتنەوە بە هەموو ویست و داخوازیەکانی لە سەرەتای هاتنە سەر کاری حکومەتی دژە مرۆڤی ئیسلامی ئێران تا بە هەنووکەش لە شێوە و و شکڵی جۆراو و جۆر و جیاواز دا و بە هەر بیانوویەک کە بۆی لوابێ دێتە مەیدانی کایەی سیاسی و بە هەموو کۆسپ و تەگەرەکانەوە راستەو خۆ یاسای بنەرەتی ئیڕان کە سەرچاوە گرتوو لە ئایینی دژە ژنی ئیسلامە دەکاتە ئامانجی خۆی و پایەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ لەرزۆکتر دەکات.
بزوتنەوەی ژنان لە ئێران نە تەنیا وەک ماهیەتی چینایەتی و داخوازیی هاوچینەکانی بەڵکوو وەک هاواری رەگەزێک کە حکومەتی ئێران هەر لە سەرەتای بە لارێدابردنی شؤڕش ژنانی کردە قوربانی دەسەلاتە دژە ئینسانیەکەی ، بۆ یەک چرکەش لە خەبات نەویستاوە و بە هەموو کەم و کۆریەکانی هیشتاکەش هەر لە سەر پییە و رۆژ بە رۆژ لە گەل ڕەوتی روداوەکان خۆی ئابدەیت دەکاتەوە و بە داخوازیی رادیکاڵتر و ئینسانی تر دێتە مەیدانی کایەی سیاسیەوە. بزوتنەوەیەک کە سەررەرای هەموو گرتن و کوشتن و بڕینێک لە هەر مەقتەعیکی زەمەنی هاوچینەکانی بە جێ ناهیڵێ و شان بە شانی توێژەکانی تری کۆمەڵگا لە هەموو نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە ریزی پێشەوەی خەبات دژ بەو رژیمە دایە . ئەگەر چاوخشاندنێکمان هەبێ بە بارودۆخی ژنان لە ئێران دەبینین لە سایە سەری یاسای بنەرەتی ئێران و حکومەتی ئیسلامی ، ژنان لە گەڵ پیاوان مافی یەکسانیان نیە و ژنان تەنانەت لە کۆمەڵگاش دەکەونە پەراوێزەوە و هەموو ئازادیە ئینسانیەکانیان لێ زەوت دەکرێ. ژنان لە ئیران لە سەرەتای لە دایک بوونیان تا کاتی مردن لە گەل توند و تیژی و هەڵاواردنی رەگەزی بەرەوروون . ژنان رۆژانە لە کۆمەڵگای ئێران لە لایەن رەگەزی بەرامبەریانەوە کە ئەوانیش قوربانی ئەو سیستمەن دەکەونە بەر دەسترێژی و سوکایەتی ،ئەو هەڵس و کەوتە دژە ئینسانیە میوانی سات بە ساتی ژنان لەو ولاتەیە . ژنان بە سەدان کۆسپی وەک هەلاوارن و کلیشەی جنسیەتی و جیاکاری رەگەزی و بەرتەسک کردنەوەی ئازادیەکان لە زانکۆکان و کەوتنە پەراویزیان و سەرەرای هەموو کیشەکان و کلتوری رزیوی ئیسلامی کە لە ناو بنەمالەکان رۆژ بە رۆژ بەرهەم دەهێنرێ، خوێندن تەواو دەکەن و دەچنە بازاری کارەوە، بۆ ئەوەی لە بواری ئابوری سەربەست بن. ئازار و ئەشکەنجەی روحی و جەستەیی ئەوەندە ئاشکرایە کە زۆر جار ژنان بەو ئازارە رادێن و دەیکەن بە بەشێک لە ژیانیان و ئاسەوارە دەرونیەکانی رۆژ بە رۆژ زیاتر ژنان ئازار دەدا. ژن بوون لە ئێران واتە قبول کردنی ئەوەی کە دەسەلات و کۆمەلگا ئەوان وەک رەگەزی دووهەمی کۆمەلگا و ئەبزاری زاوزێ پێناسە دەکات و هەموو ئازادیەکانی دەبێ لە ژێر چاوەدێری رەگەزی بەرامبەریان دابێ. توند و تیژی لە کۆمەلگای ئێران ئەوەندە بەرچاوە کە ژنان هیچ ئەمنیەتیەکیان گیانی و ماڵیان نیە و زۆر جار بۆ خۆ دەرباز کردن لەو بارودۆخە خۆیان دەخەنە کونجی مالەوە، بەلام ئەوان لە ناو مالەوەش دەکەونە بەر توند و تیژی لە رادەبەدەر و دەچەوسێنەوە و بنەماڵە و چوارچێوەی ماڵ بۆتە مەترسیدارترین ئۆرگانی سەرکوتی ئەو سیستمە دژە ئینسانیە. . ئەگەر بمانهەوێ باس لە کیشە و گرفتەکانی ژنان لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بکەین لەوانەیە بە دەیان بابەتی لەو جۆرە تەواو نەبێ، بەلام ئەوەی کە مەبەستی ئەم بابەتەیە باس کردن لە تابۆ و ژن بوون لە ناو ئەو سیستمە دایە، کە هەمو وئازادی و خۆشی ژنان لەو دا مەترسیە بۆ سەر پایەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران. ماوەیەک لە مەو بەر کچێک بە ناوی مائیدە هەژیری بە تاوانی سەما کردن لە تۆڕی کۆمەلایەتی ئەنیستاگرام کە کانالێکی تاکەکەسیە و کەس بۆی نیە تەداخولی بکات لە لایەن دەسگای سەرکوتی ئیسلامیەوە دەست بە سەر کراو لە راگەیاندنە چەواشەکارەکانی ئەو حکومەتە بە زۆرەملێ گرتەی ویدیۆیی لێ گیراو و لە ژێر ناوی دان پیدانان قسەکانی بڵاو کرایەوە. ئەو هەڵس و کەوتەی دەسگای ئەمنیەتی و میدیاکانی کۆماری دژە ژنی ئێران دژ کردەوەی چالاکانی مەدەنی ناو خۆ و دەرەوەی ولاتی لێ کەوتەوە و تەنانەت بۆ دژ کردەوە بەو کارە قیزەونە کەمپەینی سەما کەوتە گەڕ و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ناو خۆ و دەرەوەی وڵات دەستیان کرد بە بڵاو کردنەوەی گرتە ویدیۆیەکانی خۆیان کە تێدا سەما دەکەن وئەو پەیامە بە دەسەلاتدارانی ئێران دەدەن کە هیچ دەسەلات و هێزێکی سەرکوت ناتوانێ سەما و خۆشی و شادی لە مرۆڤەکان بستێنێ و بیانخاتە بەندیخانەوە و کردەوەی دەسگای سەرکوت و میدیاکانی ئێران لە پەیوەندی لە گەل پرسی مائیدە هەژیری مەحکوم دەکەن. ژمارەیەکی زۆر لە کچان و ژنان وپیاوانی ئازادیخواز لە تۆرە کۆمەلایەتیەکان بە دانانی گرتەی ویدیۆیی خۆیان کە مژولی سەما کردنن پشتگیری خۆیان لە مائدە و مائدەکانی ئێران دەربڕی و ئەم کەمپەینە رۆژ بە دوای رۆژ خەریکە پەرە دەستێنێ و ئەو پەیامەی بۆ سەرانی حکومەت پێیە کە ئەوان لە گرتن و ئەشکەنجە ناترسێن و حکومەت ناتوانێ کەرامەتی ئینسانی مرۆڤەکان چیتر پێخوست بکات و بە تاوانی شادی بیانخاتە کونجی زینداوە. گیران و بلاو کردنەوەی گرتەی ویدیؤیی لە ژێر ناوی دان پیدانانی مائیدە بە تاوانی کردەوەیەک کە لە هیچ یاسا و قانون و وڵاتێک تاوان نیە، ئامانجی تری لە پشت بوو چوونکە هاوکاتە لە گەل خۆپێشاندانی خەڵک و بێزاری خەڵک لە بارودۆخی ئابووی ئێران، رژیم دەیهەوێ لە رێگای بلاو کردنەوەی ئەو جۆرە گرتە ویدیۆییانە خەڵک لە کیشەی سەرەکی واتە نەبوونی نان و برسێتی دور بخاتەوە و ئەوان بە پرسی لاوەکی سەرقاڵ بکات. هەواڵی دەست بە سەر بوونی مائیدە ئەوەندە سەرسورهێنەر بوو کە لە زۆربەی راگەیاندە جیهانیەکان لەوانە رۆژنامەی تایمز و گاردیەن و ئیندی پێندێت بڵاو کرایەوە و لە هەموو جیهان دژ کردەوە بەو هەڵس و کەوتەی کۆماری ئیسلامی نیشان درا، چوونکە سەما کردن و خۆشی لە هیچ شوێنێکی دنیا وەک تاوان حیسابی بۆ نەکراوە و ئەو هەوالە سەرسورمانێکی نیو نەتەوەیی بە دواوە بوو. مائدە هەژیری بە تاوانی سەما کردن لە تۆڕی کۆمەلایەتی تاکەکەسی خۆی داوای دەسبەسەر کردنی دەکرێ، بەڵام وەزیری کابینەی کۆماری ئێسلامی باس لەوە دەکات دەست بە سەر کردنی دز و جەردە و گەندەلانی ئابووری ئێران کە بوونی هۆکاری کیشە و برسێتی خەڵک لەو وڵاتە ، کارێکی شیاو نیە چوونکە ئارامی بازاری کار تێک دەدات . هەڵبەت گیران و دەست بە سەر بوونی مائدە لە ناو ئەو سیستمە دژە ژنە شتێکی دوور لە چاوەروانی نیە . لە ناو وڵاتێک دا کە ژنان بە تاوانی هاتنەوە دەر لە مالەوە بە پلان و بەرنامەی سەرانی حکومەتی و لە لایەن مۆرەکانی رژیم و دەسگای سەرکوت تیزابیان پێ دا دەکرێ، لە ناو حکومەتێک دا ژن بوون تاوانە و جەستەی کچێکی نۆ سالان ئامادەی سێکسە و هەر پیاوێک لە ژێر ناوی مارە کردن دەتوانێ بە ئاشکرا دەسترێژی بکاتە سەر مناڵێک ، لە ناو وڵاتێک کە دەسگای بنەرەتیەکەی بە ئاشکرا سزای بەردباران و کوشتنی ژنانی ئاسایی و یاسایی دەکاتەوە ، لە ناو وڵاتێک دا ژن مافی شارۆمەدنی لە رێگای یاساوە لێ زەوت کراوە و لە مافی سەرپەرەشتی مناڵی خۆی بێ بەشە و بە دەیان یاسا بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادی ژنان هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری پەسند کراوە، ناکرێ چاوەروانی لەوە زیاترمان بێ. بەڵام حکومەتی ئێران و دام و دەسگا سەرکوتگەرەکانی باش بزانن ژنان لە ئێران ساڵهایە لە هیچ کوشتن و بڕینێک ناترسن و کۆڵ نادەن و هاواری مائیدەکان بە گوێی جیهانیان دەگەیەنن. ئەرکی سەر شانی چالاکانی بزوتنەوەی ژنان و ئازادیخوازان ئەوەیە دەنگی مائیدە و ژنانی ئێران بن و پشتگیری خۆیان لە بزوتنەوە ژنان و هەموو کەمپەینە بەرحەقەکانی لە ئێران رابگەیەنن و دەنگی ئەو چینەی کۆماڵگا بن .لە کۆتایی دا دەبێ بلیین تا کاتێک ئەو حکومەتە لە سەر کار بێ دەبێ چاوەروانی لەوە خراپتریش بین و ئازادی و سەربەست بوون و نەمانی توند و تیژی بە دژی ژنان لە ئێران پەیوەستە بە لە ناو چوونی حکومەتی ئیسلامی ئێران و نەمانی هەموو ئەو ناعەداڵەتیانە. بۆیە توێژێ ژنان و بزوتنەوەی ژنان دەبێ هاوتەریب بێ لە گەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و شان بە سانی یەک بۆ نەمانی ئەو سیستمە گەندەڵە هەوڵ بدەن .

Related posts

بانگەواز “ناوەندی خەبات”

Sosialism Imroz

دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئێران ناتوانێت بەر بە خواستی ئازادیخوازان بگڕێت !

Sosialism Imroz

یادێک ڵه 72 کۆمۆنیستی ئاسمانی چه وساوان ، هاوریانی خۆشه ویستی گوردانی شوان 

Sosialism Imroz

Leave a Comment