Simroz.org
بابەتی زمانی کوردی

دیاردەی کوشتنی ژنان لە کوردستان….

لاوێن ئەمانی

کوشتنی ژنان دیاردەیەکی تازە و سەیر نیە، ڕوینەداوە کە لە مانگدا لانیکەم هەواڵی کوژران یا خۆکوشتنی ژنێک لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان نەبیسترێت. بەڵام ئەم ‌‌‌‌حاڵەتە تەنیا ئەو کاتەی ژمارەکان گەورە بوونەوە، دەبێتە بابەتێکی جێی باس و دەتوانێ بۆ ماوەیەکی کاتی ژمارەیەک کەس بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات و دیسانەوە ویژدانەکان خەو بیانباتەوە تا ڕەنگە ئامارێکی گەورەتر سەرلەنوێ ڕایانچڵەکێنێ؛ لە ڕاستیدا ئێستا ئەم شێوە لە کاردانەوە خۆی بووەتە کارەساتێکی گەورەتر! دیاردەیەکی هەمیشەیی پێویستی بە کار و ڕۆشنگەری و هەوڵ و سەرنجی هەمیشەییەش هەیە نەک ئەم خۆ خاڵی کردنەوە کاتیانەی لە ساڵدا چەند جارێک دەبینە شاهیدیان.
بابەتی کوشتنی ژنان لە کوردستان دا، بە بێ هیج لێپرسینەوەیەکی ڕاستەقینە و بە بێ ڕاچڵەکینی ویژدانی بەرچاو و بە بێ خستنەوەی قەیرانێکی ئەخلاقی و کولتوری و یاسایی گەورە، دۆخێک وێنا دەکات کە ژنان تێیدا حوکمی “هۆمۆساکەر”یان هەیە. هۆمۆساکەر بە کەسێک دەوترێت کە ژیانی هیچ بایەخێکی نەبێت، کەسێک کە بە ئاسانی هەر کارێکی خراپ یان تاوانێکی دەخرێتە پاڵ بە بێ هیچ بەڵگەیەک، کەسێک کە ” نەبێ” و “ناشێ” و”ناکرێ”کانی کۆمەڵگەی بەزاندبێت و هەر ئەمە هەموو مافێکی چ وەک هاوڵاتی و چ وەک مرۆڤێک لێ دەستێنێتەوە و کوشتنی بە بێ هیچ لێپرسینەوەیەک ڕەوا دەکات. (دەپرسم ئاخۆ چ شتێک زیاتر لە ژن بوون بە مانا ڕاستەقینە ئینسانیەکەی لەم سنورەدا دەتوانێ نابێ و بڤەکانی ئەم کۆمەڵگایە ببەزێنێ!) ئەمە دۆخێک دروست دەکات کە ئاگامبێن بە “دۆخی ئاوارتە” ناوی دەبات. دۆخێک کە مرۆڤ تێیدا کورت دەبێتەوە بۆ بوونەوەرێکی ڕووت و بێ ماف. دۆخێک کە ژیان تێیدا ڕووتوقووتە و هیچ شتێک نیە داڵدەی بدات و بیپارێزێت. دۆخێک کە لە لایەکەوە مرۆڤگەلێک بەرهەمدەهێنێت کە کوشتنیان ڕەوا دەکات و لە لایەکی ترەوە کۆمەڵێک بوونەوەر دروست دەکات کە بە پاڵپشتی ڕەوەندی گشتی بە خوێن ساردی و بێ هیج دڵەڕاوکێیەک ئەستاندنی ژیان لە مرۆڤێکی تر بە مافی خۆی دەزانێت.
چەمکەکانی شەرەف و نامووس لەم جوگرافیایەدا بە ئاسانی توانیویانە ژن لەبوونەوەرێکی زیندووی خاوەن مافەوە بگۆڕن بۆ بوونێکی ڕووت کە کوشتنی ئاسایی دەبینرێت و چیتر ویژدانەکان ڕاناچڵەکێنی و ئەمە بووە بە دیاردەیەکی ئاسایی ڕۆژانە و گشتگیر.
ڕاستە کە کوشتنی ژنان ڕەگ و ڕیشەی لە بیری دواکەوتوو و ئایینی و پیاوسالار و لەسەرو هەمووشیانەوە لە سیستەمێکی گشتی جیهانی دایە کە بەردەوام و بە شێوەگەلی جیاواز ژنان دەکەنە قوربانی و لە ژینی ئینسانی بێبەشیان دەکەن، بەڵام زۆر ساویلکانەیە کە ئەمە بە وێنە گشتیەکە ببینین. ناکرێ باس لە کوشتنی ژنان لە کوردستان بکەین و ئەو ئامراز و هۆکار و سازوکارە ناوچەییە تایبەتانەش کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونەتە ڕیگە خۆشکەر و هاوکار و پارێزەری مانەوەی هەر یەک لە مانە لە کۆمەڵگای کوردیدا پشت گوێ بخەین. لە ڕاستیدا ئەمانە هۆکارە گرنگەکەن کە ئەو جیاوازیە لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگەکانی تردا کە هەمان ئەم چەمکانەیان تێدا دەبینرێت بەڵام ئاماری کوشتنی ژنان لە ناویان دا کەمترە، نیشان دەدەن.
کوشتنی ژنان بە هیچ بیانوویەک ڕێگە پێدراو نیە و ئەوە دەبێ بکرێتە باوەڕێکی گشتی کە چیتر دەست بردن بۆ ئەم کارە هێندە ئاسان نەبێت. ئەمەش نایەتە بەردەست ئەگەر لۆمە کردن و هەوڵ بۆ ڕێگرتن لە کوشتنی ژنان نەکەینە باس و بابەتێکی هەمیشەیی.

Related posts

خۆكوشتن لەناو ژناندا روو له زیاد بوونه

Sosialism Imroz

ڕۆژهەڵات: گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن ژنانەوە ڕوو لە زیادبوونە

Sosialism Imroz

ڕاگه‌یاندنی ژماره‌ یه‌كی هه‌یئه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌شكیلی كۆنفڕانسی پێكهێنانی حیزبی سیاسی نوێ له‌ ئێران

Sosialism Imroz

Leave a Comment