Simroz.org
بابەتی زمانی کوردی

بارەگای پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باڵەکایەتی سووتێندران + فیلم

 

رووداو- هەولێر

وەک کاردانەوە بەرامبەر کوشتنی دوو برا لەلایەن پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بارەگای چوار پارتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باڵەکایەتی سووتێندران. لە پەیامێکیشدا کۆمەڵە داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات.

پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ژمارەیەک هاونیشتمانی لە سنووری باڵەکایەتی هەڵیانکوتایە سەر بارەگاکانی حدکا، حدک، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان و بارەگاکانیان سووتاندن.

ئێوارەی رۆژی هەینی 25-8-2017، لەسەر بڕینی دار دەمەقاڵێ لەنێوان چوار برای خەڵکی باڵەکایەتی و ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دروست بوو، پاشان پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەستڕێژیی گوللەیان لێکردن، بەهۆیەوە دوویان گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەشیان بەسەختی بریندار بوو.

رووداوەکە کاردانەوەی فراوانی لێکەوەتووەتەوە و سەتان هاونیشتمانی لە باڵەکایەتی بە چەکەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بناری هەڵگۆڕد و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن. پەیامنێری رووداو دەڵێت هێزێکی زۆری ئاسایش و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە و لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەدان، بەڵام جەنجاڵییەکی زۆر دروست بووە، تەنانەت هێندە قەرەباڵخ بووە رێگەی چۆمان و حاجی ئۆمەران ئەستەم بووە.

جگە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان هەریەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)،  حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان بارەگایان لە بناری هەڵگۆرد هەیە کە دەکەوێتە سەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان.

پەیامنێری رووداو رایگەیاند، خەڵکی باڵەکایەتی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای هەرچوار حیزبەکە و سەرجەمیان سووتاندوون، پێش ئەوەی خەڵکیش بگەنە سەریان، بارەگاکانیان چۆڵکردوون و پێشمەرگەکانیان چوونەتە شاخ.

لە راگەیێدراوێکدا لەبارەی رووداوەکە سکرتاریەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند: “ئێمە هێشتا لە وردەکاری ئەو رووداوە ناخۆشە و نەخوازراوە ئاگادارنین، بەڵام  داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی خۆشەویستی گوندەژوور و چۆمان و هەموو گوندەکان دەکەین کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ هێورکردنەوەی ئەو گرژییە و هێنانەوەی فەزای دۆستایەتی و برایەتی بۆ نێوانمان تێبکۆشن، با یاسا و حکومەتی هەرێم لەنێوانماندا حەکەم بن و ئەو گرژییە نەخوازراوە چارەسەربکەن، بۆئەوەی نەیارانی کورد و هەرێمی کوردستانیش نەتوانن ئاژاوە بگێڕن و کەڵکی خراپی لێوەرگرن”.

هاوکات رۆستەم جەهانگیری، بەرپرسی کۆمیسیۆنی سەربازی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) کە بارەگای ئەوانیش سووتێندراوە بە رووداوی راگەیاند: ناکرێ بەرامبەر هاونیشتمانیان سەنگەر بگرین و بە پێشمەرگەکانمان گوتووە بارەگاکان چۆڵبکەن.

باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێرە و سەنتەرەکەی قەزای چۆمانە، نزیکەی 160 کیلۆ مەتر لە هەولێرەوە دوورە. گوندەژۆر دوایین گوندی باشووری کوردستان و دراوسێی گوندی زێوەی سەر بە خانێیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە نزیکەی 30 ماڵ پێکدێت و نەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی بارەگای هەر چوار حیزبەکەی رۆژهەڵات لە سنووری ئەو گوندەیە. 

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران حیزبێکی سیاسیی چەپی رۆژھەڵاتی کوردستانە، یەکێکە لەو پارتانەی ماوەیەکە خەباتی چەکداری بردووەتە شاخ و لە بناری هەڵگۆرد بارەگای هەیە.

Related posts

بێ تاوان بوونی ٦ مۆعه‌لیمه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كه‌ی شاری سه‌قز

Sosialism Imroz

مه رگی کاک ئەبووبەکری مەعرووفی،لە جادەی سەلاسی باوەجانی

Sosialism Imroz

هەوڵی تیرۆریستی ئەمریکا لە دژی ڕابەرانی “پ ک ک” به تووندی مەحکووم دەکەین!

Sosialism Imroz

Leave a Comment