Simroz.org
بابەتی زمانی کوردی

ژنانی کۆچبەر لە ئیتاڵیا دەکرێنە کۆیلەی سێکسی+ فیلم

ژنانی کۆچبەر لە ئیتاڵیا دەکرێنە کۆیلەی سێکسی

لە ئەگەری پەشیمانبوونەوە داوای دەیان هەزار دۆلاریان لێدەکرێت

 

هەفتانە دەیان کۆچبەری ئەفریقی دەگەنە ئیتاڵیا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش ژنن. ئەوان رێگایەکی زۆر سەختیان بڕیووە تاوەکو گەیشتوونەتە لیبیا و لەوێشەوە پەڕیونەتەوە ئیتاڵیا و لەگەڵ گەیشتنیشیان بەو وڵاتە ئەوروپییە چاوەڕێی ژیانێکی خۆش دەکەن، بەڵام ژیانێکی سەخت بۆ زۆربەیان دەستپێدەکات.
 
فلاڤیۆ دی گیاکۆمۆ، گوتەبێژی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران دەڵێت “بەگوێرەی شارەزایانی بواری رووبەڕووبونەوەی بەقاچاخبردنی مرۆڤ، دەکرێت لە 80%ی کچانی نایجیریا کە لە رێگەی دەریاوە دەگەنە ئیتاڵیا بۆ بواری سێکسی بقۆزرێنەوە”. 

رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران دەڵێت، تاوەکو ئێستا هەزاران کەس لەو کچ و ژنە ئەفریقیانەی گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، وەک کۆیلەی سێکسی فرۆشراون. 

کێشەی ئەو ئافرەتانە ئەو کاتە دەستپێدەکات کە داوایان لێدەکرێت ئەو پارەیە بدەنەوە تاوەکو گەیشتنیان بە ئیتاڵیا بۆیان خەرجکراوە. پارەکە لەنێوان 20 تاوەکو 60 هەزار دۆلاری ئەمریکیدایە و ئەوانیش توانای دانەوەیان نییە، بۆیە بە ناچاری دەبنە کۆیلەی سێکسی. 

بلێسینگ ئۆکۆیدیۆن، ژنێکی نایجیری کە کراوەتە لەشفرۆش دەڵێت: “پێیگوتم کە قەرزاری ئەوم و دەبێت 65 هەزار یۆرۆی پێبدەم. منیش پێمگوت، پێشبینی ئەوەم دەکرد مووچەم هەبێت. چۆن دەتوانم 65 هەزار یۆرۆ بدەم؟ ئەو ئەم قسەیەی بەلاوە گرنگ نەبوو و ئیدی تێگەیشتم کە کەوتوومەتە دەستی ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن”. 

لەناو شارەکانی ئیتاڵیا و لە سەر رێگای دەرەوەی ئەو شارانەش، چەندین ژنە کۆچبەری ئەفریقی دەبینرێن کە لەلایەن تۆڕەکانیانەوە بەکاردەهێنرێن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر 10 تاوەکو 30 دۆلاری ئەمریکیدا لەشفرۆشی بکەن. 

ئەوەی باسدەکرێت بووەتە دیاردە، هەربۆیە هەندێک گرووپ لە هەوڵی ئازادکردنی ئەم ئافرەتە گیرخواردووانەدان و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 250 کەسیان ئازاد کردوون. 

گوتەبێژی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەرانیش دەڵێت، هەندێک لە کچ و ژنە ئەفریقیەکان خەونێکی دیکەیان لە ئەوروپا هەیە، بەڵام دواتر دەزانن چیان لێهاتووە. 

فلاڤیۆ دی گیاکۆمۆ، گوتەبێژی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران دەڵێت “هەندێک لەوان لە گەشتەکەدا تێدەگەن کە دەبنە لەشفرۆش، چونکە لە میانەی ئەو گەشتەدا فرۆشراون، بەتایبەتی لە لیبیا، بەڵام هەندێکجار کە دەگەنە ئێرە وابیر دەکەنەوە کە، بۆ نموونە، دەبنە ئارایشتکار، بەڵام لە بەرامبەر گەیشتنیان تاوەکو ئێرە هیچ پارەیان نەداوە و هەربۆیە دەبێت قەرزەکەیان بدەنەوە”. 

ئەو مامەڵە خراپە نەبووەتە هۆی کەمبوونەوەی کۆچبەری لە ئەفریقاوە بۆ ئەوروپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 110 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا و دەیان هەزار کەسیشیان ئافرەتن.

روداو -هه وڵیر

Related posts

ڕاگه‌یاندنی دامه‌زراندنی حزبی سۆسیالیستی شۆشگێڕی ئێران

Sosialism Imroz

ڕاگه‌یاندنی ژماره‌ یه‌كی هه‌یئه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌شكیلی كۆنفڕانسی پێكهێنانی حیزبی سیاسی نوێ له‌ ئێران

admin

خۆكوشتن لەناو ژناندا روو له زیاد بوونه

Sosialism Imroz

Leave a Comment