Simroz.org
بابەتی زمانی کوردی

سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئێران

ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان
چەند ڕۆژێکە کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران، لاوان و ژنانی ئازادیخواز، دژی گرانی و بێکاری و نەداری، دژی دەسەڵاتی ئیستیبدادی جمهوری ئیسلامی، هاتونەتە مەیدان و لە زۆرێک لە شارە گەورەکاندا خۆپێشاندانیان وەڕێخستووە.
ڕژێمی سەرکوتگەری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە ئاگر و ئاسن ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان دابمرکێنێتەوە. تا ئێستا وێڕای گرتن و دەستبەسەرکردنی سەدان و ڕاوەدوودانی هەڵسوڕاوان، زیاتر لە بیست هاوڵاتی بە تەقەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم گیانیان لەدەستداوە و دەیانیش بریندار بوون.
ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتی زۆر بەخێرایی خواستی ڕۆیشتنی دەسەڵاتی گەندەڵی مەزهەبی و ئیسلامی خستەڕوو، کە بەڵگەیە بۆ بنبەستی هەموو چاکسازیەک لەژێر سایەی ئەم ڕژێمەدا و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بە ئەزمونی چەندین ساڵەی خۆیان بۆیان دەرکەوتووە کە چارەسەری بێکاری و گرانی، ڕزگاربوون لە ژیانی کولەمەرگی و بێمافی، دەبێ هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە بێت.
ڕژێمی جمهور ئیسلامی، وەک دژە شۆڕشێک لەسەر تێکشاندنی شۆڕشی 1979ی ئێران دەسەڵاتی گرتەدەست و زیاتر لە سیوهەشت ٣٨ ساڵە بە یاساوڕێسا ئیسلامیەکانی، بە دەزگا سەرکوتگەرەکانی لە (بەیسیجی) و (سوپای پاسداران) خەریکی داسەپاندنی بێمافی و سەرکوتێکی لەڕاددەبەدەرە، ئەویش لە پێناو هێشتنەوە و بەرگری لە سیستمی سەرمایەداری ئێران. ئەمڕۆ قەیرانی ئەم سیستمە سەرمایەداریە بۆتە قەیرانی خودی دەسەڵاتی جمهوری بورژوا ئیسلامیش.
ئەم ناڕەزایەتیانە لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر لە مەغریب و جەزائیرەوە بیگرە تا کوردستان و عێڕاق و ئێران ئاماژەیە بۆئەوەی کە سەرمایەداری و دەسەڵاتە ڕەنگاوڕەنگە قەومی و ئیسلامیەکانی توانای دابینکردنی ژیانێکی ئاسایی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان نەماوە بەبێ برسی کردن و بێمافی و سەرکوتی ئاشکراو بێ پەردە.
ئەزمونی شۆڕشەکانی تونس و میسر لە گیرسانەوەیان لە سنوری ئاڵوگۆڕیەک لەسەرەوە بە وەلانانی سەرانی نەفرەت لێکراوی ڕژێمەکان و هێشتنەوەی هەمان سیستمی ئابوری کۆمەڵایەتی، دەریخست لەگەڵ هەموو قوربانیدانێکی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازان بۆ تێکشکاندنی ئەم دەسەڵاتانە بەڵام بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان لەشوێنی خۆی مایەوە.
ئەم قەیرانە ئابوری و سیاسیەی ئێران کاتێک لەبەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی دێت، کە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان، هاتنەمەیدان و ڕاپەڕین تەنها لەو شوێنە نەگیرسێتەوە کە ئاڵوگۆڕێک لە ڕژێمی سیاسی و لەسەرەوەڕا بێنێتەدی، بەڵکو پێویستە تەواوی ئەم سیستمە ئابوری و کۆمەڵایەتیە بە خۆی و عەمامە و مێزەری ئیسلامیەوە گەسک لێبدات.
بژی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران
مەرگ و شەرمەزاری بۆ جمهوری ئیسلامی ئێران
بژی ئازادی و سۆشیالیزم
4-1-2017

Related posts

ئازاد كرانی سه‌فا حه‌سه‌نپوور چالاكی مه‌ده‌نی سه‌رده‌شت

Sosialism Imroz

بانگەوازی حیزبی سۆسیالیستی ئینقلابی ئێران بۆ بەرێوەبردنی مانگرتنی گشتی ڵە دژی جینایەتی کۆماری ئیسڵامی ئێران ڵەرۆژی چوارشەمە ٢١مانگی خەرمانان و پێویستی پشتیوانی هەموورێکخراوەکان وشارۆمەندانی ئازادیخوازڵە سەرتاسەری ئێران ڵە مانگرتنی گشتی!

Sosialism Imroz

باسێک سەبارەت بە روداوکانی عێراق و کوردستان

Sosialism Imroz

Leave a Comment