گیان له‌ده‌ستدان و بریندار بوونی ٥ كرێكار له شوێنی كار
به پێی ڕاپۆرته‌كان، به هۆی سێ ڕووداوی جیاجیا له‌شاره‌كانی تویسركان، كه‌لات نادر و ئۆسكۆ، لانیكه‌م ٥ كرێكاران گیانیان له‌ده‌ستدا و بریندار بوون.
له ڕووداوی یه‌كه‌مدا، كرێكارێكی ژن له كارگه‌ی كلوچه په‌زی له ناوچه‌ی “شاه زید”ی تویسركان، له كاتی پاككردنه‌وه‌ی ده‌زگای خه‌میر گیر، كه‌وته نێو ده‌زگاكه و گیانی له‌ده‌ستدا. له ڕووداوی دووهه‌مدا، به هۆی داڕمانی دیواری بیرێك له كه‌لات نادر، دوو كرێكار كه كاریان تێدا ده‌كرد، یه‌كێكیان گیانی له‌ده‌ستدا و ئه‌وی دیكه‌شیان بریندار بوو. هه‌روه‌ها وته‌بێژی ئورژانسی ئوستانی ئازه‌ربایجانی شه‌رقی وتی: به‌یانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٩ی مانگی خاكه‌لێوه، به هۆی داڕمانی باڵكۆنی بینایه‌كی له حاڵی ساخت له شارستانی ئۆسكۆ، كرێكارێكی ٣٦ ساڵ ته‌مه‌ن گیانی له‌ده‌ستدا و كرێكارێكی دیكه‌ش بریندار بوو و گواسترایه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه.
درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی نه‌یشكه‌ری هه‌فت ته‌په
سه‌ره‌ڕای ڕاگه‌یاندنی داخستنی شیركه‌تی نه‌یشكه‌ری هه‌فت ته‌په له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی له ڕۆژی چوارشه‌ممه، سه‌رجه‌م كرێكارانی شیركه‌تی هه‌فت ته‌په ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٩ی مانگی خاكه‌لێوه له به‌رامبه‌ر ئه‌م شیركه‌ته ده‌ستیاندایه كۆبوونه‌وه.
ڕاپۆرته بڵاوكراوه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه به‌دوای ڕاگه‌یاندنی داخستنی شیركه‌ت له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌وه له ڕۆژی چوارشه‌ممه، كرێكارانی ناڕازیی نه‌یشكه‌ری هه‌فت ته‌په له ده‌روازه‌ی “شاوه‌ر”ه‌وه به‌ره‌و فه‌رمانداریی شووش ڕێپێوانیان كرد و له به‌رامبه‌ر فه‌رمانداریی كۆبوونه‌وه. شایانی باسه، به‌دوای وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی به‌رپرسان، له ڕۆژی چوارشه‌ممه ٨ی مانگی خاكه‌لێوه‌وه كرێكارانی به‌شه جۆراوجۆره‌كانی نه‌یشكه‌ری هه‌فت ته‌په ده‌ستیاندایه كۆبوونه‌وه و ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی.
ته‌قه‌كردن به‌ره‌و ڕێپێوانی ناڕازییان له ئه‌هواز
ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٩ی مانگی خاكه‌لێوه، زیاتر له ٥ هه‌زار كه‌س له ئه‌هواز به به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی شارستانی له بازاڕی ئه‌هواز، له‌دژی به‌رنامه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ی سدا و سیمای كۆماری ئیسلامیی ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی.
ڕێپێوانی ناڕازییان له‌گه‌ڵ ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان به‌ره‌وڕوو بوویه‌وه. به پێی ڕاپۆرتی سه‌رچاوه‌كانی مه‌حلی، ئه‌م ڕێپێوانه ڕۆژی پێنجشه‌ممه له ناڕه‌زایه‌تیی به به‌رنامه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ی تلوێزیۆنی كۆماری ئیسلامیی له‌دژی عه‌ره‌به‌كانی دانیشتووی ئۆستانی خوزستان به‌ڕێوه‌چووه. به پێی ڕاپۆرته پشتڕاست نه‌كراوه‌كان، دوازه كه‌س له‌وانه سێ ژن له ئه‌نجامی ئه‌م ڕێپێوانه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه چه‌ند كه‌س له نوێنه‌رانی مه‌جلیسی ڕژیم له‌ناو به‌شداربوواندا ئاماده‌بوون و هه‌وڵیان دا كه خه‌ڵكی توڕه و ناڕازیی هێوه‌ر كه‌نه‌وه، به‌ڵام ناڕازییان ئه‌وانیان له كۆبوونه‌وه‌كه كرده ده‌رێ و پاشان هێزی ئینتزامیی به كه‌ڵك وه‌رگرتن له گازی فرمێسك‌ڕێژ و ته‌قه‌كردن له خه‌ڵك هێرشیان كرده سه‌ر ناڕازییان.