Simroz.org
بابەتی زمانی کوردی

وتووێژڵه گه ڵ به رێز کماڵ علیدوست سه باره ت به رێفراندۆم ڵه کوردوستانی عێراق

 ئه مرۆ خه لکی کوردوستان به خرۆشه وه رویان ڵه سه ندوقه کانی ده نگدان کرد تا به بڵێ چاره ونوسی خۆیان دیاری که ن ، ئێوه ئه م خرۆشانه چۆن ده بین و چۆن هه لیده سەنگێنن؟

کمال علیدوست: بەڵێ وایە، پێشوازیی خەڵکی کوردستان لە بانگەوازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری کردن لە پڕۆسەی گشتپرسیی یان ڕێفڕاندۆمدا گەرم و گوڕ و بەرین بوو، بەو شێوەی کە چاوەڕوان دەکرا. ئاکامی کۆتایی ڕێفڕاندۆم و دانی بە ڕێژەی نزیک بە 93% دەنگی بەشداربووان بە “بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە سەربەخۆییخوازیی لە باشووری کوردستان بنەما و پێشینەیەکی مێژوویی هەیە و گونجاوترین وەڵام بەو دەنگۆ و گومانانە بوو، کە پێیان وابوو ئەمە وەڕێخستنی سێناریۆیەکی دەستکردی بێبنەمای حیزبە دەسەڵاتدارەکان و لە سەرووی هەموویانەوە سەرۆک بارزانییە.

 به بروای ئێوه ئاڵوگۆره کانی دوایی ڵه ناوچه که چۆن ده بن و هه ره شه کانی وڵاتانی ئێران و تورکیه و عێراق چه نده ڵه سه ر ئه م به شه ی کوردوستان کارگیریان ده بێ؟

کمال علیدوست: پێشبینی کردنی سەرجەم ئاڵ و گۆڕەکان دیارە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام یەک ڕاستیی هەیە، ئەویش ئەوەی کە پارسەنگیی هێز، بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی کوردیی، لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئەگۆڕێ. لەبیرمان نەچێت کە گەلی کورد خاوەنی پۆتانسییەل و هێزێکی گەورەی مرۆییە، چونکە ئێمە چارەنووسی نەتەوەیی خۆمانمان هەردەم پێکەوە بینیوە و جیاییمان لە نێوان باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا نەکردووە، نەیارانی گەلی کوردیش ئەوە زۆر باش ئەزانن. شادی و خۆشی دەربڕینی بەرین و ئاشکرای کۆمەڵانی خەڵک لە پاش پڕۆسەی گشتپرسی و ڕێفڕاندۆم، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماند. ئەم یەکگرتوویی و یەکدەنگییە نەتەوەییە سام و نیگەرانی گەورەی لای وڵاتانی نەیار و هاوکات دراوسێی کوردستان ئێران، عێراق و تورکیە پێکهێناوە. بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، سنوورە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە پاش پەیمانی لۆزان، جارێکی دیکە ئەکەونەوە ژێر پرسیاری جیدی و گەلی کورد ئەتوانێ ببێت بە خاوەن شکۆیەکی گەورە لە ناوچەکەدا. ئەمەش ڕێک ئەو دۆخەیە کە گەلی کورد خۆی لەمێژساڵە خەونی پێوە ئەبینێ و نەیارانی کوردیش تەنانەت لە تەسەور و خەیاڵیشیاندا ناتوانن شوێنی پێبدەن و جێی بکەنەوە. هەڕەشە و تەهدیدی وڵاتانی ناوبراو چاوەڕوانکراو بوو و شتێکی تازە نییە، بەڵام تەمەنا ئەکەم کە سنووری هەڕەشە نەبەزێنن و لە کەف و کوڵی گیانی داگیرکاریی و خۆسەپاندنی بە زۆر بەولاوەتر نەبێ. دەوڵەتانی ناوبراو، جارێ عێراق بۆ خۆی تەواو وێرانە، پێم وایە باش ئەزانن کە دەست تێوەردانیان لە پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیدا، بە تایبەت لە ڕووی سەربازییەوە، خۆیان تووشی شەڕ و نائارامیی و ناسەقامگیری ناوخۆیی ئەکات و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا زیاتر و زیاتر تەریکیان ئەخاتەوە و ئیزۆلەیان ئەکات. بۆیە پێم وایە کە ئەم هەڕەشە و تەهدیدانە پاش ماوەیەک دائەمرکێنەوە و هەر ئەو دەوڵەتانە مەحکوومن بە دانوستان و چارەسەری ئاشتییانەی ئەم پرسە. مەوقعییەت و پێگەی هەنووکەیی کورد ئەم ئەرکەیان بەسەردا ئەسەپێنێ و ئەمەش تەنیا لە بەرژەوەندیی گەلی کورد بە تایبەت و گەلانی دیکەی ناوچەکەشدا ئەبێت.

ئه رکه گرینگه کانی سه رکردایه تی کورد ڵه قۆناغی ئێستا دا ده بێ چیبێ بۆ ده وڵتێکی تازه ڵه دایک بوی وه ک کوردوستان ؟
کمال علیدوست : پێم باشە لێرەدا، بەر لەوەی وەڵامی پرسیارەکە بدەمەوە، ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە و وەبیر بهێنینەوە کە گەلی کورد، بە پێچەوانەی ئەوەی کە زۆر جار لە بیروڕای گشتیدا ئەخرێتە ڕوو، چەندین ئەزموونی دەسەڵاتداریی خۆیێ بووە. بە تایبەت ئەو دەسەڵاتانەی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی 14ی زایین و سەرەتاکانی سەدەی 15ی زاییندا پێکهاتن و شکڵیان گرت. لێرەدا مەبەست لە ئەمارەتە کوردییەکانە (وەک ئەمارەتی موکریان، بابان، سۆران، هەکاری، ئەردەڵان، بادینان، بۆتان هتد) کە وەک نیمچە و وردە دەوڵەت بوون و هێندێکیان تەنانەت تەواو سەربەخۆ و هێندێکیشیان لە ژێر چاودێری دەوڵەتانی دراوسێدا بوون. ئەم دەسەڵاتە کوردییانە تا ساڵەکانی سەرەتا و ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدە تەمەنیان کرد و تا دواتر لە لایەن دەسەڵاتی عوسمانیی تورکیی و قاجاریی ئێرانییەوە سەرکوت کران و کۆتایی بە تەمەنیان هێنرا. دواتریش ئەزموونی دەسەڵاتی شێخ یان مەلیک مەحموودی حەفیدمان لە سەرەتاکانی 1920دا لە باشووری کوردستان و لە سلێمانی و لە دوای هەمووشیان ئەزموونی کۆماری دێمۆکڕاتیکی کوردستانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە مەهاباد هەیە، کە بە پێی پێوەرە ئەمڕۆیی و مودێڕنەکان لە هەموویان کامڵتر و دیمۆکڕاتیکتر بوو. لە پاڵ هەمووی ئەوانەشدا ئەدەبی کوردیی پڕە لە خەیاڵ، فانتازی، خەون، تەسەور و مۆدێلی پێشنیاری گەورە ئەدیبان و نووسەرانی کورد بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیی. لەوانە بیرەکانی ئەحمەدی خانیی بە تایبەت لە “مەم و زین”دا، حاجی قادری کۆیی و ئەوانی تر. کە وابوو کورد لە خاڵی سفرەوە دەست پێ ناکات. هەروەها لە باشووری کوردستانیش، لە پاش ڕاپەڕینی جەماوەریی ساڵی 1991 و بە تایبەتیتریش دوای ڕوخانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و سەدام حسێن لە ساڵی 2003، کورد خاوەنی ئاوتۆنۆمیی و پەڕلەمان و دام و دەزگای دەوڵەتییە و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ دراوسێکان و جیهانی دەرەوەش هەیە. بەرەنگاری کردنی نموونەیی ئەم ساڵانەی دوایی گەلی کورد لە بەرانبەر دەسەڵاتی ڕەشەکوژی داعشدا، بە تایبەت لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، ئەوەندەی تر نەتەوە و پرسی کوردی بە جیهان ناساند و ئەمڕۆکە جیهان وێنەیەکی زۆر ئەرێنی و پۆزەتیڤتر و نزیکتر لە ڕاستی لە گەلی کورد هەیە. هەمووی ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە پێگەی کورد لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بچێتە قۆناغێکی باشتر و پێشتر و توانیویەتی پشتیوانییەکی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ خۆی دەستەبەر بکات. ئەمەوێ بڵێم، کە گەلی کورد لەمێژە ئامادەکاریی بۆ ئاوا دۆخێک ئەکات. ئەگەرچی مۆدێلەکان بۆ دەسەڵاتی خۆیی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا جیاواز بوون، لە خودموختارییەوە بۆ فیدڕاڵیی و هتد. ئەگەرچی هەوڵەکان ڕەنگە سیستماتیک نەبووبێتن و هێشتاش نەبن، بەڵام کورد قۆناغگەلێکی بڕیوە و بە بڕوای من، بۆ ئەوەی پاش ئەو ئاوڕدانەوە مێژووییە وەڵامی پرسیارەکەم دابێتەوە، پێویستە وەک هەمیشە ئاشتیخوازانە، بەڵام هاوکات لە خاڵی مەوقعییەتێکی گونجاوتری ناوچەیی و جیهانییەوە پێداگری لە سەر داخوازی ڕەوای خۆی بۆ سەربەخۆیی بکات و لە هەمووی گرینگتر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا چڕتر بکاتەوە و لە هەوڵی پێکهێنانی لۆبییەکی بەهێزی کوردیی بێت. لەبیرمان نەچێت کە هەمووی ئەوانە، بە بێ یەکگرتوویی نەتەوەیی و کۆدەنگیی بەرینی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێک نایەت.
 خه ڵکی کوردوستان ده بێ چۆن مامڵه ڵه گه ڵ پێشهاته کانی دوای به دەوڵەت بوون بکه ن ؟
کمال علیدوست :دیارە هێشتا سەربەخۆیی و بەدەوڵەت بوون ڕانەگەیەندراوە، ئەگەرچی گەلی کورد لەو پارچەی وڵات ڕاشکاوانە خواستی خۆی لە گشتپرسی و ڕێفڕاندۆمدا بۆ سەربەخۆیی و جیایی لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەربڕیوە. ئەوەی ئێستا گرینگە، پشوودرێژی و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانە بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کە بوێرانە و ڕاشکاوانە دەریان بڕیوە. ئەوەی کە نەیارانی گەلی کورد لە هیچ هەوڵێک بۆ ئاستەنگ درووستکردن لە گەیشتن بەو ئامانجە و تەنانەت لە شەڕفرۆشتن بە کورد ناسڵەمێنەوە ئاشکرایە؛ بۆیە یەکگرتوویی نەتەوەیی بێ ڕاڕایی و زیندووڕاگرتنی گیانی هاوپشتیی و هاوچارەنووسی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لەگەڵ باشووری وڵات نەک هەر پێویست بەڵکە ئەرکە و حەیاتییە.

Related posts

نامەی كاڕڵ ماركس بۆ “یەنا”ی هاوسەری

Sosialism Imroz

ئاگاداری

Sosialism Imroz

مــــــــــــــــــــه‌ر گی ئازادی

Sosialism Imroz

Leave a Comment