لە پارێزگای سنە رێژەی بێکاری لە زیادبوونە
یەکێک لە هۆکارەکانی بێکاری نەبوونی کارگەی گەورەیە
جەمشید ئەنساری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران، ژمارەی بێکارەکانی پارێزگای سنەی بە 92 هەزار کەس راگەیاندووە. واتە 16.3%ـی کۆی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە.
ئامارێک کە نوێنەرانی پارێزگای سنە رەتیدەکەنەوە، ئەوان دەڵێن، ژمارەیان زۆر لەوە زیاترە. ماوەیەک پێش مەنسوور مورادی، نوێنەری مەریوان گوتی: ئامارەی بێکاری زۆر زیاتر لەوە و زیاتر لە 48% دانیشتووانی ئەم پارێزگای بێکارن.
پێشتریش مەهدی فەرشادان، نوێنەری سنە، گوتی “رێژەی بێکاری لە یەک ساڵی رابردوودا دوو هێندە زیاتر بووە”.
نەهێشتنی بێکاری پێویستیی بە وەبەرهێنانی گەورە هەیە، بەگوتەی جەمشید ئەنساری، زیاتر لە چوار ملیار و 200 ملیۆن دۆلار. لە حاڵێکدا ئەمساڵ حکومەت بۆ سەرتاسەری ئێران چوار ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار تەرخان کردووە. پشکی پارێزگای سنە لەم بڕە پارەیەش نزیکەی 153 ملیۆن دۆلارە.
بەگوتەی جەمشید ئەنساری، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری پارێزگای سنە ئەگەر بێتوو وەبەرهێنەران 45%ـی پارەی سەرمایەگوزاری دابین بکەن، نزیک بە دوو ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری دەبێت بانکەکان دابینی بکەن.
سه رچه وه : روداو